كەركوك؛ گۆڕان بەشداری كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەكات

05/10/2026

بەبەشداری نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، حزب و لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک كۆبونەوە و هۆشداری دەدەن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، هاوکات داوا دەکەن دۆسیەی ئەمنیی کەرکوک ڕادەستی هێزە ناوخۆییەکان بکرێت و سوپا بچێتە دەرەوەی شارەکە.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە (٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) عەزیز زەنگەنە باژێروانی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربو تێیدا، ئاماژە بەوە کراوە کە کۆبوونەوەکە لە بارەگای حزبی شیوعی کوردستان بەڕێوەچووە. لایەنەکان نیگەرانیی توندیان بەرامبەر ڕووداوەکانی شارۆچکەی پردێ دەربڕی و داوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گواستنەوەی کەیسەکە بۆ دادگایەکی مەدەنی دەکەن. هەروەها جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا کردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لە سنوورەکەدا.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا کراوە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، خۆبەخش و کرێکارانی ڕۆژانە لە بودجەی ٢٠٢٧دا بکرێنە هەمیشەیی. هەروەها بەهۆی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییانەوە، داوای کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە و دابینکردنی غاز بۆ مۆلیدەکانی کەرکوک دەکەن، شانبەشانی داواکاری لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوڕدانەوەی جدی لە خوێندنی کوردی لە شارەکەدا.


هەواڵی زیاتر