د.ئاسۆ مەحمود: ئامانج و شەڕی پارتی، كورسییەكەی سەرۆك و لەتكردنی چوار لایەنەكەیە

31/05/2018

باژێروانی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: پارتی هەموو ئەو شەڕەی ئێستا دەیكات، بۆ كورسییەكەی سەرۆكە و ئەوەش ئاشکرا دەکات؛ دەیان بەڵگەیان لەبەردەستدایە كە كادری پارتی دەستیان لە ئاڵۆزكردن و هێرشكردنە سەر بارەگا حیزبییەكان هەبوە.

د. ئاسۆ مەحمود، باژێڕوانی سلێمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى راگەیاند: پارتی لەماوەی (24) ساڵی رابردودا، هیچ بەرەوپێشچونێكی ئەقڵانی لە خۆیدا نەكردوە و هەمیشە بە نەفەسی شەڕی ناوخۆ كاردەكات، دەشڵێت:"پارتی بەو رەفتارانەی، هەرێمی کوردستانى توشی عەیبە كردوە و زیانەكەشی بۆ هاوڵاتییان دەبێت‌".

باس لەوەش دەکات کە ئەو شەڕەی پارتی دەیكات، "بۆ كورسیی سەرۆكە"، چونكە پارتی پێیوایە، ئەگەر لە دەسەڵاتدا نەبێت، ئەوا لەوانەیە لە كوردستان جێگەی نەبێتەوە.

د. ئاسۆ مەحمود ئەوەشى وت: "بزوتنەوەی گۆڕان پشتی نەكردوەتە دەنگدەرانی و خیانەتی نیشتیمانی نەكردوە تا پارتی بەوشێوەیە مامەڵە بكات، جگە لەوەش گۆڕان نەچوەتە ژێر باری درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی و پەیمانی لەگەڵ دەنگدەرەكانی نەشكاندوە".

لەبارەى ئەو تۆمەتانەى دەخرێنە پاڵ گۆڕان و دەکرێنە پاساو بۆ رەفتارەکانى پارتى، دەڵێت: "دەیان بەڵگەمان لایە كە لە خۆپیشاندانەكاندا، كادری پاراستنی پارتی هانی خەڵكیان داوە بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی خۆیان تاوەكو پلانە پێشوەختەكەیان جێبەجێ بكەن، كە ئەویش پەرتكردنی چوارلایەنەكە و بیربردنەوەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمە".


هەواڵی زیاتر